بەندکراوێکی سیاسیی پێشووی کورد لەلایەن ڕێژیمەوە سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا

خۆڕاگری: عادڵ پیروزی، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی مەریوان لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە، سزای ١ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: عادڵ پیروزی، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی گوندی “سەردۆش”ـی سەربە شاری مەریوان، لەلایەن دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامییەوە لەو شارە بەتۆمەتی “هاوکاریکردن لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئیسلامی ئێران، سزای ١ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو، دوای بانگکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە مەریوان دەسبەسەر کرا و ڕۆژی ٢٥ی بەفرانباری هەمانساڵ بەدانانی بارمتە و بە شێوەی کاتیی لە بەندیخانەی ناوەندیی مەریوان ئازاد کرا، هەروەها کە پێشتریش دەسبەسەر کراوە، لەو بارەیەوە هەموو زانیارییەک لە ماڵپەڕی (خۆڕاگری) هەیە.