هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵكی شنۆ لەژێر ئەشکەنجەدا تووشی جەڵتەی دڵ بووە

خۆڕاگری: محەممەد پەیغامی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شنۆ ماوەی سێ حەوتووە لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و بەهۆی ئەسکەنجە و ئازارێکی زۆرەوە تووشی جەڵتە دڵ بووە.

ڕۆژی شەممە، ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی “٣ی ١ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” ژووری هەواڵی ماڵپەری ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: محەممەد پەیغامی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری شنۆ کە سێ حەوتوو لەمەوبەر لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کرابوو، بەهۆی ئەشکەنجە و گوشاری زۆرەوە لە بەندیخانە تووشی جەڵتەی دڵ بووە و بەبێ ئاگاداریی بنەماڵەکەی بۆ یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری ورمێ گوازراوەتەوە و نەشتەرگەریی بۆ کراوە.

ناوبراو لەماوەی دەسبەسەربوونیدا لەژێر لێپرسینەوەی تونددا بووە و ئەمەش بووەتە هۆی تێکچوونی باری تەندروستی و تووشبوونی بە جەڵتەی دڵ و هەروەها هێزە سەرکوتکەرەکانی ێژیم دوای تێکچوونی دۆخی تەندروستیی ناوبراو، بەبێ ئەوەی کەسوکارەکەی ئاگادار بکەنەوە، گواستوویانەتەوە بۆ نەخۆشخانە و لەوێ لەژێر چاودێریی پزیشکیدا نەشتەرگەریی دڵی بۆ ئەنجام دراوە.

جێی ئاماژەیە کە تائێستاش دیار نییە بە چ هۆکارێک ئەو هاووڵاتییە دەسبەسەر و ئەشکەنجە و ئازار دراوە و هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر چارەنووسی لەبەردەستدا نییە و ئەوەش بووەتە هۆی نیگەرانیی بنەماڵەکەی و ناوەندە سەرکوتکەرەکانیش هیچ وڵامێکی بنەماڵەکەیان نەداوەتەوە.