دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: موحسین سەیدعەزیزی، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، موحسین سەیدعەزیزی، لاوی تەمەن ٢٠ساڵانی خەڵکی شاری بۆکان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

موحسین سەیدعەزیزی، ساڵی ڕابردووش لە درێژەی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی شاری بۆکاندا جارێکی دیکە دەسبەسەر کرابوو و پاش سێ مانگ بە دانانی بارمتەی قورس ئازاد کرا و ئێستاش دوای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی لەلایەن ڕێژیمەوە تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی لە بەردەستدا نییە.