دەسبەسەرکردنی پێنج هاووڵاتیی خەڵکی دیواندەرە لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری دیواندەرە، پێنج هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارەیان بەناوەکانی “فەرزاد شیری، ئیدریس دروستکار، نەوید ئەحمەدی، عابید مورادی و ئارمان مورادی” دەسبەسەر کردووە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٣ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، فەرزاد شیری، ئیدریس دروستکار، نەوید ئەحمەدی، عابید مورادی و ئارمان مورادی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری دیواندەرە، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کە هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنی کارەکانیان لە چەند شوێنی جیاواز و لە یەک کاتدا، بە شێوەیەکی دڕەندانە و بێڕێزیکردن دەسبەسەر و ڕفاندوویانن بۆ شوێنێکی نادیار.

هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەنامەیەکی یاسایی و قەزایی ئەو کردەوە دڕەندانەیان ئەنجام داوە و تا ئێستاش سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەیان، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران، بارودۆخ و هەروەها چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.