کۆماری ئیسلامیی ئێران بەندکراوێکی ئایینیی کوردی لەسێدارە دا

خۆڕاگری: خەسرەو بەشارەت، بەندکراوی ئایینیی خەڵکی مەهاباد کە ١٥ساڵە لە بەندیخانەدایە، لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج لە سێدارە درا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٢٦ی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە بەندیخانەی “قزڵحەسار”ـی شاری کەرەج، خەسرەو بەشارەت، بەندکراوی ئایینیی خەڵکی شاری مەهابادی لە سێدارە دا، ناوبراو ٢حەوتوو پێشتر بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی گوازرابووەوە بۆ ژووری تاکەکەسیی ئەو بەندیخانەیە.

دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پرۆسەیەکی ناڕوون، نایاسایی و نادادپەروەرانەدا، سزای لەسێدارەدانی بەسەر ئەو بەندکراوە ئایینییە کوردەدا سەپاند و پاش ١٥ساڵ بەندکردن سزای لەسێدارەدانەکەی بەسەردا جێبەجێ کرد.

جێی ئاماژەیە کە، لە ماوەی نیوەی وەرزی پاییز و زستانی ساڵی ڕابردوو، سزای لەسێدارەدانی ٥هاوپەروەندەی خەسرەو بەشارەت جێبەجێ کراوە و کە بریتین لە:  ئەنوەر خزری، فەرهاد سەلیمی، قاسم ئابەستە، داود عەبدوڵڵاهی و ئەیووب کەریمی  هەر لەو بەندیخانەیە سزاکەیان جێبەجێ کراوە.

ئەو بەندکراوانە بەتۆمەتی دۆسیەی کوژرانی عەبدولڕەحیم تینا، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی قازی “مەقیسە” بەتۆمەتی کردەوەی بەدژی ئاسایشی گشتی، چالاکی تەبلیغی بەدژی حکوومەت، ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفییەکان و “افساد فی الارض” سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.