بەندکراوێکی ئایینیی دیکەی کورد لە بەندیخانەی قزڵحەسار مەترسی سێدارەی لەسەرە

خۆڕاگری: کامران شێخە، بەندکراوی ئایینیی خەڵکی مەهاباد لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج گوازراوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی و مەترسی جیددی لەسێدارەدانی لەسەرە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ١٧ی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، کامران شێخە، بەندکراوی ئایینیی خەڵکی شاری مەهاباد بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان، گوازراوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی قزڵحەساری شاری کەرەج و مەترسی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی لە ماوەی ڕۆژانی داهاتوودا لە ئارادایە و ناوبراو دوایین تۆمەتباری  هەمان پەروەندەیە کە پێشتر شەش کەسیان لە سێدارە دراون.

کامران شێخە لە کاتێکدا بۆ ژووری تاکەکەسی گوازراوەتەوە کە خەسەرەو  بەشارەت، هاوپەروەندەکەی بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی بانەمەڕ لە شانزدەهەمین ساڵی بەندکردنیدا لە بەندیخانەی ناوەندیی قزڵحەساری کەرەج لە سێدارە درا.