خۆڕاگری: مستەفا حوسێنپوور، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی شۆڕشی ژینا و خەڵکی نەغەدە، لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە سزای ٥ساڵ و ٦مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.
ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٧ی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: مستەفا حوسێنپوور لاوی تەمەن ٢٦ ساڵانی خەڵکی شاری نەغەدە و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لەماوەی دەسبەسەر بوونیدا لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ئێرانەوە لە نەغەدە، سزای ٥ ساڵ و ٦ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێنراوە و ئێستاش لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە خەریکی تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەیەتی.
ناوبراو لە کاتی دەسبەسەبووندا لە بەندیخانەی نەغەدە، بەتۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی حکوومەت، هاندانی خەڵک بە تێکدانی ئاسایشی گشتی و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامی ئێرانەوە لە نەغەدە بە سەرۆکایەتی قازی “کەیوان نەوبەخت” سزای ٥ساڵ و ٦ مانگ بەندکردن بەسەردا سەپێندراوە.
شایانی باسە کە، مستەفا حوسێنپوور، مستەفا حوسێنپوور، ڕۆژی سێشەممە، ٢٧ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە نەغەدە دەسبەسەر کرا و پاش یەک حەوتوو لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گوزراوەتەوە و ئێستاش هەرلەو بەندیخانەیە خەریکی تێپەڕاندنی سزاکەیەتی.