دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی پاوە لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ئاروین ئێقباڵی، هاووڵاتیی خەڵکی پاوە زیاتر لە حەوتوویەکە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە و تائێستا چارەنووسی ناڕوونە.

ڕۆژی هەینی، ٢٨ی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری پاوە، ئاروین ئێقباڵی، هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارەیان دەسبەسەر کردووە و تائێستا کە ماوەی ١٠ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنیدا تێدەپەڕێ، چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی دیار نییە و ئەوەش بووەتە هۆی نیگەرانیی بنەماڵەکەی.

 ناوبراو ڕۆژی سێشەممە ١٨ی بانەمەڕی ئمساڵ، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەشاری پاوە کە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر و گواستوویانەتە بۆ گرتنگەیەکی ڕێژیم لە کرماشان و هەروەها سەرەڕای بەدواداچوونی وردی بنەماڵەکەی تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و لە ماوەی ئەو ١٠ڕۆژەدا هیچ جۆرە پەیوەندییەکی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەبووە.