دەسبەسەرکراوێکی شۆڕشی ژینا جارێکی دیکە لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا

خۆڕاگری: یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا بەناوی “خالید مەحموودی” هاووڵاتیی خەڵکی جوانڕۆ جارێکی دیکە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی هەینی، ٢٨ی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، خالید مەحموودی، لاوی تەمەن ٢٠ ساڵانی خەڵکی گوندی “شانڕەش”ـی سەربە شاری ڕوانسەر و دانیشتووی جوانڕۆ، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ناوبراو پێشتر لەکاتی شۆڕشی ژینادا کە دەسبەسەر کرابوو، لە سەرەکیترین مافەکانی خۆی بێبەش بوو و بە هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران تۆمەتبار کرابوو و هەروەها بەشێوەیەکی دڕەندانە ئەشکەنجە درابوو و ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێی دژبە خۆی کرا کە دواتر ئەو دانپێدانانە لە دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیدا بڵاو کرابووەوە.

شایانی باسە کە، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.