حەوت حیزبی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بانگەوازێکی هاوبەشدا داوایان لە خەڵکی کوردستان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان کردووە بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکان و هاوپێوەندی لەگەڵ هاونیشتمانییان لە ناوچەکانی خوارووی کوردستان (کرماشان، ئیلام و لوڕستان)، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، مانگرتنی گشتی بەڕێوە بەرن.
ناوەندی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای پشتیوانی لە بانگەوازی هاوبەشی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ مانگرتنی گشتی لە کوردستان، داوا لە سەرجەم ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستان و چالاکانی بوارە جۆراوجۆرە مەدەنییەکان دەکات، بە مەبەستی هەرچی باشتر بەڕێوەچوونی مانگرتنەکە و بەرپەرچدانەوەی هەر جۆرە خراپەکاری و پیلانێکی ڕێژیم و هێزە سەرکوتکەرەکانی، یەکگرتووانە هاوهەڵوێست، وەک هەمیشە پشتیوانی گەل بن.
با بە هەڵوێستێکی یەکگرتووانەی نەتەوەیی لە چوارچێوەی مانگرتنی گشتی لە ڕۆژی پێنجشەممە، وێڕای پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکان لە سەرانسەری ئێران، خاوەنداریەتی لە هەڵوێستی ئازایانەی خوشک و براکانمان لە ناوچەکانی خوارووی کوردستان بکەین، هەروەها سیاسەت و کردەوە جینایەتکارانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی شەرمەزار بکەین.
ناوەندی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
١٧ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی
