خۆڕاگری: لە درێژەی گوشارە ئەمنییەکان و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە، شەپۆلێکی نوێی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە شاری سونقوڕ دەستی پێ کردووە.
ڕۆژی چوارشەممە، ١٧ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی “٧ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: لە بەردەوامیی شەپۆلی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی خەڵكی سونقوڕ، لانیکەم ٩ هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارە و هاووڵاتییەکی خەڵکی ئاودانان بەناوی “بژار مەلەکی” دەسبەسەر کراون کە لەنێویاندا مێردمنداڵێکی بریندار و پاڵەوانێکی وەرزشیی هەیە.
ئەم شەپۆلە لە گرتن و دەسبەسەرکردنانەی ڕێژیم دوای ئەوە دێت کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا خەڵکی شاری سونقوڕ دەستیان دایە ناڕەزایەتیی مەدەنی و بەپێی زانیارییەکان، دوای دەستێوەردانی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و تەقەکردن لە خەڵکی ناڕازی، گرژی و توندوتیژی لێ کەوتووەتەوە و بەدوای ئەوەشدا هێزە سەرکوتکەرەکان هەڵمەتی گرتنی هاووڵاتییانیان دەست پێ کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی خۆڕاگری؛ ڕۆژی سێشەممە ١٦ی بەفرانبار، ئێحسان سەیفووری، خەڵکی سونقوڕ، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوزرایەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژێک پێشتر، واتە ڕۆژی دووشەممە ١٥ی بەفرانبار، شەپۆلی دەسبەسەرکردن و سەرکوتکردنی هاووڵاتییان بەشێوەیەکی بەرفراوان زیادی کرد و لەو ڕۆژەدا جەواد ئستواری، ڕاهێنەر و پاڵەوانی پێشووی زۆرانبازیی ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کیوومەرس واعیزی، مامۆستای قوتابخانە و مێهدی باقر، چالاکی مەدەنی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.
هەروەها لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکردنەکاندا، چوار هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی فاییزە شەماییلی، ئەمیر فەرهادی، یاسین حیشمەتیان و عەسەل بەگوەند، مێرمنداڵی تەمەن ١٦ساڵان دەسبەسەر کراون و دۆخی عەسەل بەگوەند جێگای نیگەرانییە کە بە برینداری دەسبەسەر کراوە و پێویستی بە چارەسەری پزیشکی هەیە.
جێی ئاماژەیە کە تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر شوێنی ڕاگرتن، دۆخی تەندروستی و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ئەم هاووڵاتییانە کراون، لەبەر دەستدا نییە و خێزانەکانیان لە چارەنووسی ڕۆڵەکانیان بێئاگان و هەروەها لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژەش بە دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی ئاودانانیش کراوە.
