پێنج زیندانیی سیاسیی کورد بۆ پشتیوانی لە مانگرتنی گشتیی کوردستان مانیان لەخواردن گرت

خۆڕاگری: ژمارەیەک لە زیندانیانی سیاسیی کورد کە لە بەندیخانە جیاوازەکانی ڕێژیمدا ڕاگیراون، ڕایانگەیاندووە کە هاوکات لەگەڵ بانگەوازی مانگرتنی گشتی لە شارەکانی کوردستان، ئەوانیش لە ناو زیندانەکانەوە مانیان لە خواردن گرتووە.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕێ خۆڕاگری، هەریەک لە وریشە مورادی، زەینەب جەلالیان، سەکینە پەروانە، مەتڵەب ئەحمەدیان و پەریسا کەماڵی، ئەو پێنج چالاکوان و زیندانییە سیاسییەن کە بڕیاریانداوە بەشداری لە ناڕەزایەتییەکاندا بکەن و لە بەیاننامەیەکدا جەختیان کردووەتەوە کە ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی، وەک هەڵوێستێک بۆ هاودەنگی لەگەڵ مانگرتنی گشتیی خەڵک لە کوردستان، لەنێو بەندیخانەکانی ڕێژیمدا مان لە خواردن دەگرن.

ئەو بڕیارەی زیندانیانی سیاسی لە کاتێکدایە کە بانگەوازی مانگرتنی گشتی لە کوردستان وەک وەڵامێک بۆ دۆخی ئێستا و گوشارە ئەمنییەکانی ڕێژیم ڕاگەیەندراوە و زیندانییە مانگرتووەکان کە لە زیندانە جیاوازەکانی وەک ئەوین و زیندانەکانی دیکەی ئێراندا بەند کراون، بەو هەنگاوەیان دەیانەوێت پەیامی پشتیوانیی خۆیان بۆ داواکارییەکانی خەڵک و ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان دەرببڕن.

شایانی باسە کە ئەو بەندکراوانە پێشتریش بەهۆی چالاکییە مەدەنی و سیاسییەکانیانەوە ڕووبەڕووی سزای قورسی زیندان و گوشاری دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بوونەتەوە و هەروەها زەینەب جەلالیان وەک یەکێک لە کۆنترین زیندانیانی سیاسیی ژن لە ئێران و هەروەها وریشە مورادی و هاوڕێکانی دیکەی، سەرەڕای دۆخی سەختی بەندیخانە و بێبەشبوون لە زۆربەی مافە سەرەتاییەکان، بەردەوام هەڵوێستی خۆیان بەرانبەر بە ڕووداوەکانی دەرەوەی زیندان دەربڕیوە.