خۆراگری: لە ئاکامی دەسڕێژی گولـلەی هێزە سەرکوتکەرەکان و بەکارهێنانی چەکی جەنگی لە شاری چنارانی سەر بە پارێزگای خۆراسان، پێنج هاووڵاتیی کورد گیانیان لەدەست دا.
ڕۆژی شەممە، ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی “١٠ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لەماوەی ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە، ١٧ و ١٨ی بەفرنبار، هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێرانە لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری چنارانی سەربە پارێزگای خۆراسان بە چەکی کڵاشینکۆف تەقەی ڕاستەوخۆیان لە هاووڵاتییان کردووە و لە ئاکامی ئەم تەقەکردنەدا، چوار هاووڵاتیی کوردی ئەو شارە بە ناوەکانی مێهدی وەلیدوست و مورتەزا جەهانبەخش خەڵکی گوندی غەزەلکەن، ڕۆحوڵڵا ستارەموشتەری، خەڵکی گوندی قیاسئاباد و محەممەدڕەزا گرووهی، دەسبەجێ گیانیان لەدەست داوە.
هەروەها مێهدی وەلیدوست، هاووڵاتییەکی دیکەی دانیشتووی ئەو شارە کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی شەوی چوارشەممەدا بەهۆی بەرکەوتنی فیشەک بە سەختی بریندار ببوو و کەوتبووە دۆخی کۆماوە، ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانبار بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەست دا و هاوکات زانیارییەکان باس لە کوژرانی هاووڵاتییەکی دیکەش دەکەن کە تا ئێستا ناسنامەکەی بۆ میدیاکان ئاشکرا نەکراوە.
جێی ئاماژەیە کە ،هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هەوڵیان داوە بە شەو و بە شێوەی نهێنی تەرمی ڕۆحوڵڵا ستارەموشتەری بنێژن، بەڵام بەهۆی ئاگاداربوون و ڕێگریی خەڵکی ناوچەکە، نەیانتوانیوە لەو هەوڵەیاندا سەرکەوتوو بن و سەرەڕای تێپەڕبوونی کات، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، تەرمی هیچکام لەو پێنج هاووڵاتییە گیانبەختکردووە ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکراوەتەوە و ئەمەش نیگەرانیی کەسوکاری قوربانییانی لێ کەوتووەتەوە.
