خۆڕاگری: جەواد عەلیکوردی، برای خەسرەو عەلیکوردی و دوای ئاگادارکردنەوەی حکوومەت سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی دەقێکی نهێنی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە مەشهەد دەسبەسەر کرا.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ئێوارەی ڕۆژی هەینی، ٢١ی سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاوی (١٢ی دێسامبری ٢٠٢٥ی زایینی) جەواد عەلیکوردی، هاووڵاتیی کوردی خەڵكی مەشهەد و برای خەسرەو عەلیکوردی، پارێزەر و بەندکراوی سیاسیی پێشوو کە بەشێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا، ماوەیەک پاش ئەوەی هۆشداری بە ڕێژیم دا کە لە ئەگەری ئازادنەکردنی دەسبەسەرکراوانی ڕێوڕەسمی حەفتەی براکەیدا دەقێکی نهێنی بڵاو دەکاتەوە، ئەوە وای کرد کە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەپەلە دەسبەسەریان کرد و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
ناوبراو پێشتر لە ڤیدیۆیەکدا کە بڵاوی کردبووەوە، داوای ئازادکردنی چالاکان و کەسایەتییە دەسبەسەرکراوەکانی ڕێوڕەسمی حەفتەی براکەی کردبوو و هۆشداریی بە ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دابوو کە لە ئەگەری ئازادنەکردنی ئەو هاووڵاتییانەدا ئەوەی بە “دەقێکی نهێنی” ناوی لێ بردووە، بڵاو دەکاتەوە و ئەو دەقە نهێنییە ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی تەنگاو کرد و بەپەلە هەڵیانکوتایە سەری و دەسبەسەریان کرد.
جێی ئاماژەیە کە خەسرەو عەلیکوردی کە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا لەگەڵ سازکردنی دۆسیەی ئەمنی و گوشاری ئەمنی ڕووبەڕوو کرابۆوە، ئێوارەی هەینی ۱۴ی سەرماوەزی ۲۷۲۵ (۵ی دیسەمبەری ۲۰۲۵) بەشێوەیەکی گوماناوی لە نووسینگەی کارەکەی خۆیدا گیانی لەدەستدا کە بەرپرسانی ڕێژیم هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەو پارێزەرەیان بە وەستانی دڵ ڕاگەیاندووە، بەڵام بەڵگە و وتەکانی کەسوکارەکەی و پارێزەرەکانی لەسەر خوێنڕێژیی نایاسایی و ئەگەری برینداربوونی فیزیکی، گومانی جیددیی لەسەر بانگەشەی حکوومەت لەسەر شێوازی مردنی ناوبراو ساز کردووە.
