دەسبەسەرکردنی حەوت هاووڵاتیی خەڵكی سەرپێڵ‌زەهاو لەلایەن چەکدارەکانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: قائیم بەدری، عەسکەر نەجەفی، ئەحەد مورادی، ئیسفەندیار سەروەری، جەبار جەمشیدی، مەسعوود ئاغایی و مەهدی کەریمی حەوت هاووڵاتیی خەڵكی سەرپێڵ‌زەهاو، لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی هەینی، ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی ” ٢ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” قائیم بەدری، عەسکەر نەجەفی، ئەحەد مورادی، ئیسفەندیار سەروەری، جەبار جەمشیدی، مەسعوود ئاغایی و مەهدی کەریمی، حەوت هاووڵاتیی خەڵكی شاری سەرپێڵ‌زەهاو بەهۆی بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک بە مەبەستی بانگهێشتکردنی خەڵک بۆ بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایی دەسبەسەر کراون.

ئەو هاووڵاتییانە دوای ئەوەیکە ڕاگەیەندراوی بانگهێشکردنی خەڵكیان بڵاو کردەوە، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنی کار و ماڵەکانیان و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەریان کردوون و گواستوویاننەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و تائیستا هییچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە.