بانگکردنی دوو مامۆستای ئایینیی خەڵکی پیرانشار لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕیژیم لە پیرانشار، دوو مامۆستای ئایینیی بەناوەکانی ” سەید جەماڵ واژی و شەریف مەحموودپوور، پێشنوێژی گوندی پەسوێی ئەو شارە، بە مەبەستی لێپرسینەوە بانگی کردوون.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٢٠ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، مامۆستا سەید جەماڵ واژی و مامۆستا شەریف محموودپوور، پێشنوێژی پەسوێی پیرانشار، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لەو شارە بۆ لێپێچینەوە بانگی ئەو ناوەندە کراون.
مامۆستا سەید جەماڵەدین واژی بە هۆی ئەوەیکە لە ڕێوڕەسمی پرسەی عادڵ موهاجیر و لوقمان ئاجی، ئەندامانی حیزبی دێموکرات کە لە هەرێمی کوردستان و لەلایەن مۆرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە تێرۆر کران بەشداریی کردووە، بانگی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم کراوە و پاش ٤ کاتژمێر، لێپرسینەوە ئازاد کراوە.
هەروەها مامۆستا شەریف مەحموودپوور، بە هۆی بەشداری لە ڕێوڕەسمی پرسەی مووسا ئیسماعیلی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی پەسوێ کە لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ورمێ گیانی لەدەست دابوو، بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لەو شارە بانگ کراوە و پاش ٣ کاتژمێر لێپرسینەوە، ئازاد کراوە.