خۆڕاگری: لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکردنەکان لە شارە جیاوازەکانی کوردستان و ئێران، ژمارەیەکی دیکە لە نووسەران، چالاکوانان و تەنانەت مێردمنداڵان لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.
ڕۆژی شەممە، ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “٧ی فێوریەی ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتی ڕۆژانەی خۆیدا کە بەدوداچوون بۆ ئاماری دەسبەسەرکردن و کوژراوان لەلایەن ڕێژیمەوە دەکات، ڕایگەیاند: ڕۆژی ١٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی، بۆرومەند ئەعەزەمیپوور، لێکۆڵەر و نووسەری بواری مێژوو و یەکێک لە بەرپرسانی قوتابخانەکانی کرماشان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و چارەنووسی ناڕووە.
ئیلیا مەحموودی، مێردمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵانی کورد و دانیشتووی کەرەج، لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ١٩ی بەفرانبارەوە دەسبەسەر کراوە و تا ئێستا بێسەروشوێنە و هەروەها ئیبراهیم ڕۆستەمی، هاوڵاتیی خەڵکی کامێران، لە ١٩ی بەفرانبارەوە دەسبەسەر کراوە و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ شاری سنە ڕاگوێزراوە و تائێستا چارەنووسی ناڕوونە.
لە شاری سیروانی سەربە پارێزگای ئیلام، دوو حەفتە لەمەوبەر هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هادی پورهیممەت و بە شێوەیەکی دڕندانە دەسبەسەریان کرد و ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار و چارەنووسی ناڕوونە.
بۆجنورد؛ بە تێپەڕبوونی ٢٩ ڕۆژ، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی هەریەکە لە عەلی خانی و عەرشیا عیسازادە لەبەردەستدا نییە، ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری لای بنەماڵەکانیان دروست کردووە.
ئیلام و بێستوون؛ بێهرووز باسرە (ئیلام) و بێهنام گوڵشادنژاد (بێستوون) دوای ٢٦ ڕۆژ لە دەسبەسەرکردنیان، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن شوێنی ڕاگیرانیان لەبەردەستدا نییە و چارەنووسیان نادیارە و هەروەها وەحید قەنبەری، دانیشتووی گەڕەکی «دەڕەدرێژ»ـی کرماشان، دوای ١٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکردنی، تائێستا چارەنووسی بە ناڕوونی ماوەتەوە.
جێی ئاماژەیە کە، زۆربەی ئەو دەسبەسەرکردنانە بەبێ بەڵگەی یاسایی و بە شێوازی ڕفاندن ئەنجام دراون و بنەماڵەی دەسبەسەرکراوان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەژێر گوشاری توندی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دان بۆ ئەوەی زانیارییەکان بڵاونەکەنەوە.

Be the first to comment