
خۆڕاگری: کەریم ئەسغەری، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی سنە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانە دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ۱٨ی جۆزەردانی ۱٤۰٤ی هەتاوی، کەریم ئەسغەری، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی شاری سنە و زاوای “وریشە مورادی” لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی، بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
هێزە سەکوتکەرەکانی ڕێژیم بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنی کاری ناوبرا و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەریان کردووە و هەڕەشیان لە هاوسەرەکەشی کردووە کە بێدەنگ نەبێ ئەویش دەسبەسەر دەکەن و هەروەها تا ئێستاش هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.