دەسبەسەرکردنی دوو برای خەڵکی سنە لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە سنە هەڵیانکوتاوەتە سەر دوو برا بەناوەکانی “خەبات و ڕامیار دێهدار” دەسبەسەر و گواستوویاننەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، خەبات و ڕامیار دێهدار، دوو برای خەڵکی شاری سنە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کە هەلیانکوتاوەتە سەر ماڵیان، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەنامەیەکی قەزایی و یاسایی، بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و دواتر گواستوویاننەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم جیا لەوەیکە ئەو دوو برایەیان دەسبەسەر کردووە هاوکات دەستیان بەسەر مۆبایل و کەلوپەلە کەسییەکانیاندا گرتووە و هەروەها “خەبات” لە ڕۆژی ٢٨ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو لە درێژەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی‌دا جارێکی دیکە دەسبەسەر کراوە و پاش زیاتر لە یەک حەوتوو لە بەنددیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.