دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ئازاد حاجی‌میرزایی، چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی سنە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە، دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئازاد حاجی‌میرزایی، چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی شاری سنە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و تائێستاش چارەنووسی ناڕوونە.

ئازاد حاجی‌میرزایی، پاش سێ ڕۆژ لە دەسبەسەرکردنی تا ئێستا هیچ پەیوەندییەکی تەلەفوونی بە بنەماڵەکەیەوە نەکردووە و ئەوەش بووەتە هۆی نیگەرانی بنەماڵەکەی و هەروەها هەوڵ و بەدواداچوون بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ناوبراو لەلایەن بنەماڵە و نزیکەکانی، بێ‌وڵام ماوەتەوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لەو بارەیەوە هیچ وەڵامێکی ئەو بنەماڵەیان نەداوەتەوە.

شایانی باسە کە، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە.