سەپاندنی سزای قورس بەسەر دە کەس لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ڕزگار بابامیری، پژمان سوڵتانی، سۆران قاسمی، کاوە ساڵحی و تەیفوور بابامیری، پێنج دەسبەسەرکراوی شۆڕشی ژینای خەڵکی بۆکان لەلایەن ڕێژیمەوە سزای سێدارەیان بەسەر سەپێندرا و پێنج کەسی دیکەش سزای بەندکردنیان بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی دووشەممە، ١٦ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ڕزگار بابامیری، پژمان سوڵتانی، سۆران قاسمی، کاوە ساڵحی و تەیفوور بابامیری، پێنج دەسبەسەرکراوی شۆڕشی ژینای خەڵكی بۆکان لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، سزای لەسێدارەدان و سەرجەم سزای ٧٥ ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە و پێنج کەسی دیکەش لەو دۆسیەدا، سزای بەندکردن و پێپژاردنی پارەیان بەسەردا سەپێندراوە.

تەیفوور سەلیمی بابامیری، سۆران قاسمی، پژمان سوڵتانی، کاوە ساڵحی و ڕزگار بابامیری، هەرکامیان لەلایەن لقی ١ی دادگای ڕێژیمەوە لە ورمێ بەتۆمەتی بەغی و محاربه، سزای بەندکردن و بەتۆمەتی ئەندامبوون لە حیزب و گرووپی دژبەری کۆماری ئیسلامی هەرکامیان، سزای ١٥ ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە و هەروەها هەر یەک لە سۆران قاسمی، کاوە ساڵحی و پژمان سوڵتانی سێجار سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە و ڕزگار بابامیری دووجار سزای سێدارە و تەیفوور سەلیمی بابامیری کە لەئێستادا بە بارمتەی پێنج ملیاردتمەنی ئازاد کراوە، بە یەکجار لەسێدارەدان سزای دراوە.