هاووڵاتییەکی کورد لە تاران لەلایەن ڕێژیمەوە سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا

خۆڕاگری: ڕەزا ڕەمەزانزادە، هاوڵاتیی کورد، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە، سزای ٢ساڵ و ٦مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و ڕەوانەی بەندیخانە کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ی هەتاوی، ڕەزا ڕەمەزانزادە، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی پارێزگای خۆراسان کە پێشتر لەلایەن لقی دادگای ئینقلابی ئیسلامییەوە لە تاران بەتۆمەتی دژایەتی نیزامی کۆمای ئیسلامی، سزای ٢ساڵ و ٦مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو، بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی دەسبەسەر و گواستیانەوە بۆ بەندیخانەی فیشافوویە (تهران بزرگ).

ناوبراو یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بوو و چالاکوانی مەدەنی و سیاسیی کوردە و چەندجارێکی دیکەش بەهۆی ئەوەیکە کێشەی بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی بە میدایی کردووە، دەسبەسەر کراوە و لە خۆپیشاندانەکەی ساڵی ١٣٩٨ی هەتاویشدا دۆسیەی بۆ دروست کراوە و بۆ ماوەیەکی زۆر دەسبەسەر و ئەشکەنجە دراوە.