
خۆڕاگری: ئومێد فەرەجی، هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٤ساڵ بەندکردن دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ئەو شارە کرا.
ڕۆژی هەینی، ۱۹ی بانەمەڕی ۱٤۰٤ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ئومێد فەرەجی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “نێ”ـی سەربە شاری مەریوان لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لەو شارە بانگکراوە و بۆ تێپەڕاندنی سزای ٤ساڵ بەندکردن، دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەریوان.
ناوبراو ماوەی حەفتەیەک لەمەوبەر، بۆ بەدواداچوونی پەروەندەکەی لەلایەن دادگای ڕێژیم لە مەریوان بانگ کرا و هەر لەو دادگاییکردنەدا سزای ۳ساڵ بەندکردن و لە پەروەندیەکی پێشتریش سزای ۲ساڵ بەندکردی بەسەردا سەپێندرا و سەرجەم ٥ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و لەکۆتاییدا ئەو سزایە کەم کراوەتەوە بۆ ٤ساڵ و ڕەوانەی بەندیخانە کراوە.
سەپاندنی ئەو سزایە لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوە بەتەواوی پێشێلکردنی مافی مرۆڤە، لەبەر ئەوەی ئەو بەندکراوە هیچ خوێندەواری نییە و دادگاش ئەو دۆخەی بە دەرفەت زانیوە لەبەر ئەوەی ناوبرا نەیزانیوە چۆن بەرگری لە مافی خۆی بکات و پێشیان نەوتووە دەتوانێ پارێزەری هەبێ.
شایانی باسە کە، ئومێد فەرەجی، ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوو، پاش مانگێک و ۱۳ڕۆژ دەسبەسەربوون، بە دانانی بارمتەی قورس بە بڕی ملیاردتمەن و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانەی مەریوان ئازاد کرا.