ڕەسووکە و هاوکارانی کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کرابوون ئازاد کران

خۆڕاگری: عومەر ئەحمەد، ناسراو بە ڕەسووکە پێشکەشکاری تەلەڤیزیۆنی ئاڤا میدیا و خەڵکی قەڵادزێ، لەگەڵ هاوکارەکانی کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کرابوون، پاش پازدە ڕۆژ ڕاگیران ئازاد کران.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٢٦ی سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاوی (١٧ی دێسامبری ٢٠٢٥ی زایینی)، عومەر ئەحمەد، ناسراو بە ڕەسووکە، پێشکەشکاری خەڵکی قەڵادزێ، مامەند حەسەنپوور، بەرهەمهێنەر و هاووڵاتیی خەڵکی نەغەدە،ئاوارە عومەر وێنەگر و خەڵكی قەڵادزێ، چوار ئەندامی گرووپی ڕاگەیاندنی ئاڤامیدیا، دوای ١٥ڕۆژ دەسبەسەربوون لە یەکێک لە گرتنگەکانی ڕێژیمی ئێران لە ورمێ، ئازاد کران.

ئەو چوار میدیاکارەی ئاڤامیدیا، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی سەرماوەزی ئەمساڵ، بەبێ هیچ هۆکارێکی یاسایی و تەنیا بە بیانووی نەبوونی مۆڵەت لەلایەن ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کران و لە تەواوی ماوەی دەسبەسەربوونیاندا، بە چارەنووسێکی ناڕوونەوە لە لە گرتنگەیەکی ڕێژیمدا لە ورمێ ڕاگیرابوون، ئەمە لە کاتێکدایە کە تیمی ڕاگەیاندنی ئاڤامیدیا پێشتر مۆڵەتی پێویستیان لە کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر وەرگرتبوو و هەروەها پێش بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی بەیت‌وحەیران لە سەردەشت، بە شێوەی تەلەفوونی داوای مۆڵەتیان بۆ ڕووماڵکردنی ئەم چالاکییە کردبوو.