
خۆڕاگری:بە پێی ئامارە تۆمار کراوەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە یەک مانگی ڕابردوو دا، واتە مانگی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی ١٤١ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی، دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران،سیخوری کردن بۆ ئیسرائیل، دەستبەسەر و ڕەوانەی گرتنگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کراون، کە بەشێکیان دوای تەواو بوونی لێکۆلینەوە بە بارمتەی قورس ئازاد کراون و بەشێکیان تا ئێستا لە ژێر لێکۆڵینەوە دان وچارەنووسیان ناڕوونە.
جیگای ئاماژەیە کە لە سەرەتای دەسپێکردنی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل بە سەدان کەسی لە سەرانسەری ئێران بە تۆمەتی سیخوری بۆ ئیسرائیل دەسبەسر کراون، کە بۆتە جێگای نیگەرانی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ. هەروەها جیا لەو ئامارانە بە دەیان کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکان بانگهێشت و لێکۆڵینەوەیان لێکراوە.
هەروەها بە پێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەن لە مانگی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی دا، ١٨ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە شارە جیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێشتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان دەستبەسەر و لێکۆلینەوەیان لێکراوە،لەلایەن دادگای بە ناو شۆڕش و دادگای تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کەیسەکانیان یەک لایی کراوەتەوە و سزای سێدارە و بەندکرەدنیان بەسەر دا سەپێندراوە.
بە شێوەیەکی گشتی ئەو سزادراوانە لە سەر یەک بە ١١ جار سزای سێدارە و ٢٢٠ ساڵ و ٦ مانگ و ١ڕۆژ بەند کردنی تەعزیری مەحکووم کراون. پێنج کەس لە دەسبەسەرکراوانی شوڕشی ژینا بە ناوەکانی: “تەیفوور سەلیمی بابامیری ١جارئێعدام و ١٥ ساڵ بەندکردن”ڕزگار بابامیری٢جار ئێعدام و ١٥ ساڵ بەند کردن”پژمان سوڵتانی ٣جار ئێعدام و ١٥ ساڵ بەند کردن”سۆران قاسمی ٣جار ئێعدام و ١٥ ساڵ بەند کردن” کاوە ساڵحی٣جار ئێعدام و ١٥ ساڵ بەند کردن” مەحکووم کراون. هەروەها ٦ بەندکراوی سیاسی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئیران لە سێدارە دراون کە سێ کەسیان هاونیشتمانی کورد بوون.
پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامی بەردەوامە و ڕۆژبەڕۆژ لە زیاد بوون دایە.




