چالاکوانێکی ئایینیی خەڵکی سنە ماوەی حەفتەیەکە لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە

خۆڕاگری: حامید عەباسی، مامۆستای ئایینیی خەڵکی سنە، یەک حەفتە لەمەوبەر لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە و تائێستا چارەنووسی ناڕوونە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٢ی پووشەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، مامۆستا حامید عەباسی، پێشنوێژی مزگەوتی “شێخ ڕەش”ـی گەڕەکی “نایسەر”ـی سنە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار تائێستا کە ماوەی یەک حەفتە تێدەپەڕێ چارەنووسی نادیارە.

سەرەڕای تێپەڕووبوونی حەفتەیەک بەسەر دەسبەسەرکردنی ئەو مامۆستا ئایینییە، بنەماڵەکەی هەوڵی زۆریان داوە بۆ ئەوەی زانیارییان لەسەر چارەنووسی دەستبکەوێ بەڵام هەوڵ و بەدواداچوونەکانیان بێئاکام ماوەتەوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانیش لەو بارەیەوە هیچ وڵامێکیان نەداونەتەوە و هەروەها تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.