خۆڕاگری: دیاکۆ عەزیزی، هاووڵاتیی خەڵكی شنۆ و لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ساڵێک و ٦مانگ دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کراوە.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی سەرماوەزی ١٤٠٣ی هەتاوی، دیاکۆ عەزیزی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “بابخاڵاوێ”ـی سەربە شاری شنۆ کە لە کاتی دووهەمین ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرابوو، دوای بانگکردنی بۆ ناوەندی جێبەجێکردنی سزاکانی ڕێژیم لەو شارە، هەرلەوێ دەسبەسەر و بەمەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزای ١٨ مانگ بەندکردن گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شنۆ.
ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە، ١٤ی خەرمانانی ئەمساڵ، لەگەڵ شەپۆلی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی خەڵكی شنۆ لەلایەن ڕێژیمەوە و لەکاتی دووهەمین ساڵڕۆژی ژینا، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کرا و پاش ٣حەفتە ڕاگیران بە دانانی بارمتەی قورس بە بڕی ١ملیارد و ٢٠٠ملیۆن تمەن، بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا.