ژنە وەرزشوانێکی خەڵكی مەهاباد لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا

خۆڕاگری: ئەوین ڕەسووڵیان، وەرزشوانی بواری هونەری جەنگیی خەڵكی مەهاباد، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٢١ی بانەمەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، ئەوین ڕەسووڵیان، هاووڵاتیی خەڵكی شاری مەهاباد و ڕاهێنەری وەرزشەکانی هونەری جەنگی، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی لە شوێنی کارەکەی و لەکاتی ڕاهێناندا دەسبەسەر کراوە.

هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنی ڕاهێنانەکەی و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە.