سزای سێدارەی بەندکراوێکی سیاسیی کورد لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیمەوە پەسەند کرا

خۆڕاگری: مێهران عەبدوڵڵازادە، بەندکراوی سیاسیی خەڵكی شنۆ لەلایەن دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامییەوە، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا پەسەند کرا.

ڕۆژی یەکشەممە، ٣٠ی سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاوی “٢١ی دێسامبری ٢٠٢٥ی زایینی” ژووری هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: مێهران عەبدوڵڵازادە، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاری شنۆ و بەندکراوی لە بەندیخانەی ئەو شارە، لەلایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای ڕێژیمی ئێرانەوە کە پێشتر سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو، ئەو سزایە پەسەند کرا.

ناوبراو پێشتر لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمەوە لە ورمێ بەتۆمەتی فەساد لەسەر زەوی (افساد فی‌الارض) لەڕێگەی بەشداربوون لە کوشتنی بە ئەنقەستی بەکرێگیراوێکی ڕێژیم، دادگایی کرا و دواتر مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو بەو تۆمەتانە، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

جێی ئاماژەیە کە، ئەو بەندکراوە سیاسییە بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە بەندیخانە خراوەتە ژێر ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و دەروونییەوە و پشکنینی ڤیدیۆی کامێراکانی چاودێری دەریخستووە کە مێهران لە شوێنی کوشتنەکەدا ئامادە نەبووە و ڤیدیۆی کامێراکان لە دەستی هێزە سەرکوتکەرەکانە و هیچ بەڵگەیەک بۆ سەلماندنی ئەوەی کە ناوبراو لەو کات و شوێنەدا ئامادە بووە، بوونی نییە.

مێهران عەبدوڵڵازادە، هاووڵاتیی خەڵكی شنۆ لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو و هەروەها لەسەر بەشێکی دیکەی دۆسییەکەی لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی دووی ڕێژیم لە شاری شنۆ بەتۆمەتی کۆبوونەوە و پیلانگێڕی، سزای ٩ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و دواتر پاش ماوەیەک دیسان دەسبەسەر کرا و ڕەوانەی بەندیخانەی ورمێ کرا.