دەسبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: دوو هاووڵاتیی کاسبکاری خەڵکی بۆکان بەناوەکانی “قادر فەتحوڵڵاهی و ئومێد تووتی، بە مەبەستی ڕێگریی لە بەشداریکردنیان لە مانگرتنی گشتیی خەڵکی کوردستان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە دەسبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١٩ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، قادر فەتحوڵاهی و ئومێد پیرۆتی، دوو کاسبکاری بازاڕی خەڵکی شاری بۆکانن کە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بە مەبەستی گوشارخستنە سەر بازاڕیان و کاسبکاران بۆ ئەوەیکە لە ساڵڕۆژی شپڕشی ژینادا بەشداری مانگرتنەکان نەکەن، دەسبەسەر گواستوویاننەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە بۆکان، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و قەزایی، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی قادر فەتحوڵاهی و ئومێد پیرۆتی و بە شێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردوون و هەروەها دەستیان بە سەر مۆبایلی سەرجەم ئەندامانی بنەماڵەکاینیاندا گرتووە و گواستوویاننەتەوە بۆ شوینێکی نادیار.

شایانی باسە کە، سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان، تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان لە بەردەستدا نییە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە هیچ وڵامێکی بنەماڵەکانیان نەداوەتەوە.