دەسبەسەرکردنی ژنە چالاکێکی خەڵکی سەقز لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: هێرۆ قەدیمی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سەقز لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە بەردەوامیی شەپۆلی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی خەڵکی شاری سەقز، هێرۆ قەدیمی، یەکێک لە ژنە چالاکەکانی ئەو شارە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

هێرۆ قەدیمی، پێشتریش چەندجارێک لەلایەن هێز و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بانگ کراوە و بە جیددی هەڕەشەی لێ‌کراوە، بەتایبەتی لە ساڵی ڕابردوو و سەرەتای دەسپێکی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا، هەروەها تا ئێستا سەرەڕای بەدواداچوونی وردی بنەماڵەکەی، هیچ زانیارییەکی لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.