پەیامی ناوەندی کارگێڕی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ١٢ی جۆزەردان، ڕۆژی زیندانیی سیاسی لە کوردستان

زیندانیانی سیاسیی سەربەرز و خۆڕاگر!

بنەماڵە تێکۆشەر و خۆڕاگرەکانی زیندانیانی سیاسی!

خەڵکی خەباتکاریی کوردستان!

زیندانیی سیاسیی کورد، هێمای کۆڵنەدان و خۆڕاگری گەلێکە بۆ ئازادی، دێموکراسی و مافی چارەی خۆنووسینی خەبات دەکات و لەم ڕێگا پیرۆزەدا، گرتن و ئازار و ئەشکەنجە کۆڵی پێنادا و بە ئیرادەیەکی پۆڵایین لە بەرانبەر ستەمکاراندا ڕادەوەستێ و لە چاڵەڕەشەکانی ڕێژیمەوە، پەیامی هیوا و خۆڕاگری بە گوێی هەموو کوردستان و جیهان دەچرپێنیت.

دوازدەی جۆزەردان، بۆ ئێمە لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بۆ تەواوی گەلی کورد، یادەوەریی یەکێک لە ڕەشترین ڕۆژەکانی مێژووی هاوچەرخ و بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لە قووڵایی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دژبە گەلی کوردستان. لە ١٢ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی، ڕێژیمی دژەمرۆیی ئێران، ٥٩ لاوی کوردیی شاری مەهاباد، تەنیا بە تاوانی کوردبوون و مافخوازی، پاش دادگاییکردنێکی ڕواڵەتی و بەبێ هەبوونی سەرەتاییترین مافە مرۆیی و یاساییەکان، لە زیندانی تەورێز گولـلەباران کران. ئەم تاوانە سامناکە کە تەنانەت پاش زیاتر لە چوار دەیە، بە شاردنەوەی شوێنی گڵکۆی ئەم شەهیدانە بەردەوامە، نیشانەی سیاسەتی سیستماتیکی قڕکردنی فەرهەنگی و فیزیکیی ڕێژیمە دژی گەلەکەمان.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هاوشان لەگەڵ تەواوی ڕەوتە ئازادیخوازەکان و گەلی تێکۆشەری کوردستان، ١٢ی جۆزەردان وەک ڕۆژی زیندانیی سیاسی لە کوردستانی ئێران بەرز ڕادەگرێت. لەم ڕۆژەدا، ئێمە سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی تەواوی شەهیدانی ڕێگای ئازادی، بەتایبەتی ئەم ٥٩ کۆترە خوێنینباڵە و تەواوی شەهیدانی زیندانیانی سیاسیی و لە بەرانبەر مەزنایەتیی خۆڕاگری و ڕاوەستاویی بەندییە سیاسییەکان سەری ڕێز و نەوازش دادەنوێنین.

هاونیشتمانانی خۆشەویست!

کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای دامەزرانییەوە، وەک خاکێکی داگیرکراو سەیری کوردستان کردووە و بە پەنابردنە بەر هەموو جۆرە سەرکوتێک، لە ئێعدام و زیندانەوە بگرە هەتا تێرۆری ڕێبەران و کادرە سیاسییەکان، بۆردومانی ناوچە ئاوەدانەکان، میلیتاریزەکردنی بەربڵاو، تاڵانی سەرچاوە سروشتییەکان و هەوڵدان بۆ توانەوەی فەرهەنگی و ئابووری، هەوڵی داوە ئیرادەی گەلەکەمان تێکبشکێنێت. پێشێلکاریی زەق و بەردەوامی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان، سیاسەتێکی ئامانجدار بووە بۆ کپکردنی دەنگی مافخوازی و ئازادیخوازیی گەلەکەمان. بەداخەوە، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هێزە جیهانییەکان، زۆر جار لە بەرانبەر ئەم تاوانانەدا بێدەنگییان هەڵبژاردووە و بەرژەوەندییە کورتخایەنە سیاسی و ئابوورییەکانیان خستووەتە سەرووی بەها مرۆییەکان و ئەرکە مرۆییەکانیانەوە. ڕێژیمی ئێرانیش بە خراپکەڵک وەرگرتن لەم دۆخە، بەتایبەتی لەژێر سێبەری بەرنامە ناوکییەکەیدا، سەرکوتی لە کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێران پەرە پێ داوە.

سەرەڕای ئەمەش، مێژوو شایەدە کە گەلی کورد و ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی هەرگیز تەسلیم نەبوونە. زیندانەکان نەک تەنیا ئیرادەی پۆڵایینیانی تێک نەشکاندووە، بەڵکوو بوونەتە سەنگەری خۆڕاگری و ناوەندی پێگەیاندنی نەوەیەکی وشیار و سوور لەسەر گەیشتن بە ئازادی و مافە نەتەوەییەکان. ئەمڕۆ، لاوانی کورد بە ئازایەتی و شانازییەوە ڕێگای خەبات هەڵدەبژێرن و زیندانیان کردۆتە زانکۆیەک بۆ فێربوونی وانەی ڕاوەستاوی و قووڵکردنەوەی باوەڕ بە سەرکەوتن. بەڕێکردنی پڕ جۆش و خرۆشی لاوان بەرەو زیندانەکان و پێشوازیی حەماسی لە ئازادکراوان، بەڵگەی ئەم ڕاستییەن کە گوتاری خۆڕاگری بەسەر گوتاری تەسلیمبووندا زاڵ بووە و هیوای داهاتوویەکی ڕووناک لە دڵی خەڵکی کوردستاندا زیندووە.

زیندانیانی سیاسیی قارەمان!

ئێوە بە خۆڕاگری و چێشتنی هەموو ئازار و ئەشکەنجەیەکی ڕوحی و جەستەیی، ئاڵای خەبات بۆ ئازادیی کوردستانتان بەرز ڕاگرتووە، ئیلهامبەخشی تەواوی خەباتکارانی ڕێگای ئازادی و نموونەی بەرزی پابەندی بە ئامانجەکانی گەلەکەتانن. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران شانازیتان پێوە دەکات و خۆڕاگریی ئێوە بە زامنی بەردەوامیی خەبات و مژدەدەری سەرکەوتنی کۆتایی دەزانێت. ڕاوەستاوەییتان، درێژەپێدەری ڕێبازی سەرجەم شەهیدانی حیزبی دێموکرات و گەلی کوردە.

ناوەندی کارگێڕی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای نوێکردنەوەی پەیمان لەگەڵ ئامانجە بەرزەکانی شەهیدانی ڕێگای ئازادی، بەتایبەتی شەهیدانی ١٢ی جۆزەردان، و بە سپاس و پێزانینەوە لە خۆڕاگری و سەبووریی بنەماڵەکانی زیندانیانی سیاسی، دڵنیایە کە خوێنی شەهیدان و ئازاری زیندایانی سیاسی دێتە بەر و گەلی کورد لە کوردستانێکی ئازاد و دێموکراتیکدا، بە مافە پێشێلکراوەکانی خۆی دەگات.

سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ئازادیی کوردستان.

بەرز و پیرۆز بێت یاد و بیرەوەریی تەواوی زیندانیانی سیاسی، ئەم قارەمانە گومناو و ناودارانەی گەل.

هەر شەکاوە بێت خەباتی مافخوازانەی گەلی کوردستان.

ناوەندی کارگێڕی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٢ی جۆزەردانی ١٤٠٤ی هەتاوی.