
بەندکراوانی خۆڕاگری سیاسی بەدیلگیراوانی دەستی داگیرکەر!
بنەماڵەی بەندکراوانی سیاسی و شەهیدانی سەربەرزی کوردستان!
پێش هەموو شتێک سڵاوێکی گەرمی شۆڕشگێڕانەی سەنگەری زانکۆ و قوتابخانەکانتان پێشکەش دەکەین و لێرەوە سەری ڕێز و کڕنۆش لە هەمبەر گەورەیی و بوێریی ئێوە و بنەماڵەکەتان نەوی دەکەین و بە هەست و نەستێکی نیشتمانی و لەسەر پیرۆزیی خوێنی شەهیدان و نەسرەوتوویی ئێوەی بەندکراوانی سیاسیی نیشتمانەکەمان بەڵێنتان لەگەڵ نوێ دەکەینەوە کە هەتا گەیشتن بە مافە ڕەواکانی نەتەوەکەمان دەست لە خەبات و تێکۆشان هەڵناگرین.
ڕۆژی ١٢ی بانەمەڕ، کە بە ڕۆژی زیندانییانی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناودێر کراوە، ئەگەرچی وەبیرهێنەرەوی ڕووداوێکی تاڵە کە لەو ڕۆژەدا ٥٩ لاوی مەهابادی لە ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی، لەلایەن هێزە دڵڕەق و بوغزاوییەکانی ڕێژیمەوە شەهید کران، بەڵام ڕۆژێکە بۆ ئەوەی کورد سەری پێی بەرز بکاتەوە و شانازی پێوە بکات، چونکە ئەم ڕۆژە بە ناوی کەسانێکەوە ناودێر کراوە کە لە چاڵەڕەشەکانی ڕێژیم و لە کاتی ئەشکەنجە و ئازاردا بانگی کوردایەتی هەڵدەدەن و بە دەنگێکی دلێر و بەرزەوە هاوار دەکەن:
گەرچی دوژمن وا ئەزانێت من بە دیلی لاڵ ئەبم
باش بزانێ کونـــــــــــــــــــــــــــــــــــجی زینـــــــــــــــدانم قوتابیخانەیە
دوژمن ئەگەرچی درێژە بە ئەو ڕێگا چەوتەی دەدات و بۆ کپکردنی دەنگی کوردایەتی و سەروەریخوازی پێی وایە دەتوانێت لە ڕێگای بەندیخانە و ئازا و ئەشکەنجەدا سەر بکەوێت، بەڵام لەوەتەی کوردستان بە هەموو پارچەکانییەوە داگیر کراوە و دوژمن خۆی بە خاوەنی ئەم خاکە دەزانێت، ئەم ڕەوتە بەردەوامە، نە دوژمن توانیویەتی هەستی نەتەوەیی و ڕزگاریخوازیی لە ناخی کورددا بکوژێت و نە کوردیش کۆڵی داوە و وازی لە ویستە ڕەواکانی خۆی هێناوە.
بەندکراوانی خۆڕاگری کوردستان!
ئێوە لە مێژووی ڕزگاریخوازیی کورد پشکی شێرتان بەر کەوتووە و هەتاهەتایە خاک و نەتەوەی کورد خۆی بە قەرزداری ئێوە دەزانێت و بە یەکێک لە فاکتەرە سەرەکییەکانی زیندوومانەوەی کورد لە قەڵەم دەدرێن. ڕاستە ڕۆڵە چاونەترسەکانی نەتەوەی کورد خەبات ناکەن بۆ ئەوەی تووشی بەندکران، ئەشکەنجە و یان شەهیدبوون ببن و خەباتمان بۆ ئازادی و دەستەبەرکردنی ژیانێکی پڕ لە سەروەری و بەختەوەرییە، بەڵام بەداخەوە ڕێگای سەربەستی و ڕزگاریی کورد ڕێگایەکی ئەستەم و تێچووهەڵگرە و ئەم تێچووە بەشێکی لە بەندیخانەکاندا دەدرێن و بەشێکی بە لەدەستدانی ئەندامانی جەستە و شەهیدبوون. ئەوەی کە ڕێبازی سەربەستی و گەیشتن بە ئامانجەکانمان پڕمەترسی و پڕتێچووە زێدەتر ئەم ڕێگایەی بەبایەختر و بەنرختر کردووە و تێکۆشەرانی کورد لە بەندیخانەکاندا لەجیاتی چۆکدادان لە هەمبەر دوژمنان فەلسەفەی “بەرخۆدان ژیانە” کردەیی دەکەن و دەیسەلمێنن کە ڕێگاکەیان ڕێگایەکی ڕەوا و بەرحەقە و سەرشۆڕکردن لە هەمبەر دوژمن شەرمەزارییە.
یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان، بە نوێنەرایەتیی لەلایەن خوێندکاران و قوتابییانی ڕزگاریخوازی کوردی ڕۆژهەڵاتەوە، ئەم ڕۆژە بەرز دەنرخێنێت و لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان و بەندکراوانی خۆڕاگری نێو چاڵە ڕەشەکانی ڕێژیمی داگیرکەری ئێرانی پەیمان نوێ دەکاتەوە و هەتا گەیشتن بە سەربەستی و سەروەری نەتەوەکەمان درێژەدەری ڕێگایان دەبێت.
یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان
١٢ی جۆزەردانی ٢٧٢٥ی کوردی