چەکدارانی کۆماری ئیسلامی لە سنە ٢برای پێکەوە دەسبەسەر کرد

خۆڕاگری: هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری سنە، ٢برای خەڵکی ئەو شارەی بەناوەکانی “خالید و سامان شێخ‌ئەحمەدی” پێکەوە دەسبەسەر کردووە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ١٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، خالید شێخ‌ئەحمەدی و سامان شێخ‌ئەحمەدی، ٢ برای خەڵکی شاری سنە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لەو شارە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ئەو دوو برایە لە کاتی دەسبەسەرکردنیانەوە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە کە ئەمە لە حاڵێکدایە بنەماڵەکەیان بەردەوام خەریکی بەدواداچوونن بۆ دۆزینەوەی سەرەداوێکی کوڕەکانیان، بەڵام هەوڵ و بەدواداچوونەکانیان بێ‌ئاکام ماوەتەوە.