هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە لە دەماوەند دەسبەسەر کرا

خۆڕاگری: سەیفوڵڵا جەلیلی، هاووڵاتیی خەڵکی سنە و دانیشتووی شاری دەماوەند لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ١٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، سەیفوڵڵا جەلیلی، هاووڵاتیی خەڵکی ئاوایی “ئەوێهەنگ”ـی ناوچەی ژاوەرۆی سنە و دانیشتووی شاری “دەماوەند”ـی سەربە پارێزگای تاران، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ئەو هاووڵاتییە لە دوای دەسبەسەرکردنییەوە تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و بنەماڵەکەشی بەردەوام لە هەوڵ و بەدواداچوون و سەردانی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیان کردووە هیچ وڵامێکیان دەست نەکەوتووە.