بەندکراوێکی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی سەقز مانی لە خواردن گرتووە

خۆڕاگری: بێهزاد ڕەسووڵی، بەندکراوی سیاسیی خەڵكی سەقز، بەهۆی گوشاری ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە بەندیخانە مانی لە خواردن گرتووە و دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە.

ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی ڕەزبەری ١٤٠٤ی هەتاوی، سەرچاوەیەک بە ژووری هەواڵی ماڵپەڕی خۆڕاگری ڕاگەیاند؛ بێهزاد ڕەسووڵی، بەندکراوی سیاسیی خەڵكی شاری سەقز، بەهۆی نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە پێڕانەگەیشتن بە دۆسیەکەی و گوشاری ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران، لە بەندیخانە مانی لە خواردن گرتووە و بەوهۆیەوە دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە و ئەوەش بووەتە هۆی مەترسی بۆ سەر ژیانی و گیانی لە مەترسیدایە.

ناوبراو ڕۆژی شەممە، ٤ی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لەشاری ئیسفەهان دەسبەسەر کرا و ماوەیەک کە لەژێر لێکۆڵینەوە، ئەشکەنجە و لێپرسینەوەدا بوو هیچ زانیارییەکی لەسەر بڵاو نەکرابۆوە و بنەماڵەکەشی لێی بێئاگا بوون، پاش گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی شاری سەقز و نزیکەی یەک مانگ دەبێ کە مانی لە خواردن گرتووە و لە ئیستادا مەترسی جیددی لەسەر ژیانی هەیە.

سەرچاوەکانی خۆڕاگری ئەوەشیان پشتڕاست کردەوە کە بێهزاد ڕەسووڵی لە کاتی دەسبەسەرکردنییەوە لە ئیسفەهان هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەبووە و لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەریش بێبەش بووە و هەروەها لەم دواییانەدا لە ڕێگەی پەیوەندییەکی کورت تەلەفوونیدا لەگەڵ بنەماڵەی، پێی ڕاگەیاندوون کە گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی سەقز و لەئێستادا بەهۆی مانگرتن و ڕاگیرانی لە ژووری تاکەکەسیدا نزیکەی ١٥کیلۆ کێشی دابەزیوە و ئەوەش بووتە هۆی نیگەرانیی بنەماڵەکەی و دۆخی تەدروستیی زۆر ناجێگیرە و ژیانی لە مەترسیدایە.