
بەڕێزان؛
ئەندامانی چوارەمین کۆنفڕانسی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!
ئامادەبووانی بەڕێز!
بەناوی ناوەندی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و، بە نوێنەرایەتی لە سەرجەم رێکخراو و دامەزراوەکانی ئەندام لەم ناوەندە، پیرۆزبایی بەستنی کۆنفڕانسەکەتان لێ دەکەین و سەرکەوتنی بە ئاوات دەخوازین.
ئێوە لە هەلومەرجێکدا چوارەمین کۆنفڕانسی ئەنجومەنەکەتان دەبەستن کە وڵاتی ئێران بۆ سەرجەم دانیشتوانی بۆتە زیندانێکی گەورە و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی وێڕای سەپاندنی نزیک بە نیوسەدە لە دەسەڵاتی ڕەش و دیکتاتۆریی خۆی، بە بیانوو و شێوازی جۆراوجۆ، ماف و ئازادییەکانی خەڵکی ئێران و گەلانی ئەم وڵاتەی بە بارمتە گرتووە.
هەر ئێستا لە بەندیخانەکانی ڕێژیمدا بە هەزاران کەس لە چالاکانی ئازادیخوازی بوارە جۆراوجۆرەکانی؛ سیاسی، مەدەنی، خوێندکاری، ژینگەپارێز، ژنان، کرێکاران، داکۆکیکاری مافە نەتەوەیی و مرۆییەکان و پارێزەرانی زمان و کلتووری نەتەوەیی، لە سەنگەر و مەتەرێزی خەبات دان و سەربەرزانە بەرانبەر بە ڕەشترین دەسەڵاتی سەردەم ڕاوەستاون.
ئەوان کە لە لایەن دەسەڵاتی سەرەڕۆ و دژ بە ئازادیی ڕێژیمی ئێرانەوە حوکمی قورس و گرانیان بەسەردا سەپێندراوە و بەشێکیان گیان و ژیانیان لە مەترسی دایە، لە چاوی گەل و خەڵکی خۆیاندا بوونەتە هێما و سەمبولی خۆراگری و هیوابەخش بە داهاتوویەکی ڕوون.
ئەنجومەنەکەتان، ئەنجوومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەموو بەربەست و کۆسپەکانی سەر ڕێگایەوە، ئێستا مەکۆی سەدان کەس لە قارەمانانی نێو سەنگەری زیندانەکانە و لەو چەند ساڵەدا بەکار و چالاکیی جۆراوجۆر، پێگەیەکی باشی ڕێکخراوەیی تۆمار کردوە.
بەو هیوایەی کۆنفراسەکەتان بە پەسەندکردنی بەرنامە و بەڵگە و بڕیاری گونجاو، دەسکەوتێکی دیکە بە خەرمانی دەسکەوتەکانی ئەنجومەن زیاد بکات و لاپەڕەیەکی نوێ لە چالاکییەکانی هەڵ بداتەوە.
ئێمە سەرکەوتنی چوارەمین کۆنفڕانسی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئاوات دەخوازین و بەم بۆنەوە پیرۆزبایی لە سەرجەم زیندانیانی سیاسیی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین و خۆمان بە پشتیوان و یارمەتیدەرتان دەزانین.
سڵاو لە زیندانیانی سیاسی و بنەماڵە سەربەرزەکانیان
هەر بژین و سەرکەوتوو بن.
ناوەندی رێکخراوە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
١٢ی خەرمانانی ١٤٠٤