پەیامی پیرۆزبایی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەبۆنەی چوارەمین کۆنفڕانسی چواری ئەنجومەن

ئارەزوومە هەرچی ئینسانە بە ئازادی بژی

چۆن گەلی داماو و دیل و مات و خەمگینم دەوێ؟

نامەوێ خوێن بڕژێ یا بۆنی کەلاکی کۆن بکەم

ڕەنگی مێلاقە و گوڵاڵە و بۆنی نەسرینم دەوێ

پەیامی پیرۆزبایی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەبۆنەی بەڕێوەچوونی چوارەمین کۆنفرانسی ئەنجومەنی زیندانیانی سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

سڵاوێک پڕ لە شنەی فێنکی ئازادی بۆ سەرجەم بەشداربووان، ڕێکخەران و میوانە بەڕێزەکانی چوارەمین کۆنفرانسی ئەنجومەنی زیندانیانی سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی ئەم کۆنفرانسە گرنگە، بە ئێوە خۆراگران و تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی و دادپەروەری، پیرۆزبایی دەڵێ. ئەم کۆبوونەوە بەنرخە، هێمایەک لە خۆڕاگری، یەکگرتوویی و هاواری ویژدانە زیندووەکانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی زوڵم و زۆری. ئێوە بەم هەنگاوە مەزنە لە ڕەوشێکی هەستیاردا، نەک هەر یادی زیندانیانی سیاسی بەرز دەنرخێنن، بەڵکوو هەنگاوێکی کاریگەر لە پێناو وشیارکردنەوە، داواکاری و پشتیوانی لە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ هەڵدەگرن. ئێمە لە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەمیشە لەسەر ئەو باوەڕەین کە هیچ مرۆڤێک نابێت بەهۆی دەربڕینی بیروڕای جیاواز، چالاکیی سیاسی، یان هەر هەوڵێکی ئاشتییانە بۆ بەدیهێنانی ئازادییە بنەڕەتییەکان، لەوانە ئازادیی ڕادەربڕین، ئازادیی بیروباوەڕ و ئازادیی کۆبوونەوە، ئازار بدرێت یان لە زینداندا بێت.

لە ناخی دڵەوە هیواخوازین ڕۆژێک دابێت لە کوردستانێکی سەربەست و ئازاد و لە ئێرانێکی دێموکرات هیچ زیندانییەکی سیاسیی بوونی نەبێت و هیچ مرۆڤێک بەهۆی داواکردنی مافە ڕەواکانی خۆی، دەسبەسەر نەکرێت. هیوادارین ئەم کۆنفرانسە بە دەستکەوتەکانی، ڕۆڵێکی دیار لە بەدیهێنانی ئەم ئاواتە هاوبەشەدا بگێڕێت.

بە ئاواتی سەرکەوتن و سەربەرزی بۆ سەرجەم بەڕێوەبەران و بەشداربووان لەم کۆنفرانسەدا. با دەنگی ئێوە، دەنگی ڕزگاری و دادپەروەری بێت.

بە سپاسەوە

ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان

خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی