هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی سەحنە بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا

خۆڕاگری: ئەمیرحوسێن حەقجوویان، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی سەحنە پاش زیاتر لە ١٥ڕۆژ ڕاگیران بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ١٤ی ڕەزبەری ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەمیرحوسێن حەقجوویان، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری “سەحنە”ـی سەربە پارێزگای کرماشان و لە چالاکوانی کۆمەڵگەی یارسان، بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان ئازاد کرا.

ناوبراو ئەو ماوەیەی کە دەسبەسەربووە لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزە و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە و پاش قۆناغی لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە لە گرتنگەیەکی ڕێژیم، گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان.

جێی ئاماژەیە کە ئەمیرحوسێن حەقجوویان، ڕۆژی دووشەممە، ٢ی ڕەزبەری ئەمساڵ لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کە هەڵیانکوتایە سەر شوێنی کارەکەی لە شاری سەحنە، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسەبەسەر کرا و هەروەها تائێستاش هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.