دوو مێرمنداڵی دەسبەسەرکراوی خەڵكی مەهاباد بەشێوەی کاتیی ئازاد کران

خۆڕاگری؛ ڕزگار مەولوودی و کامیار ئیزەدی، دوو مێرمنداڵی دەسبەسەرکراوی خەڵكی مەهاباد بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی ڕێژیم ئازاد کران.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی، ڕزگار مەولوودی و کامیار ئیزدی، دوو مێرمنداڵی دەسبەسەرکراوی تەمەن ١٧ ساڵانی خەڵکی گوندی “سەهۆڵان”ـی سەربە شاری مەهاباد، پاش ١٣ڕۆژ دەسبەسەربوون بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەیان لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی ڕێژیم لە ورمێ ئازاد کراون.

ئەو دوو مێرمنداڵە ڕۆژی سێشەممە، ١١ی بەفرانباری ئەمساڵ، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە مەهاباد بانگ کرابوون و هەرلەوێ دەسبەجێ دەسبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ ورمێ و هەروەها هاوکات هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیم هەڵیانکوتابووە سەرماڵی ماڵی بابیان و بەتەواوی ماڵەکەیان پشکنیبوو و تائێستاش هیچ زانیارییەکی ڕاست لەسەر چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.