سەپاندنی سزای ١٥ساڵ بەندکردنی بەندکراوێکی سیاسیی کورد لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە پشتڕاست کرایەوە

خۆڕاگری: ڕزگار بەیگزادەبابامیری، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی بۆکان سەپاندنی سزای ١٥ساڵ بەندکردنی لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ڕێژیمی ئێران پشتڕاست کرایەوە.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٢ی بانەمەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ڕزگار بەیگزادەبابامیری، بەندکراوی سیاسیی خەڵكی شاری بۆکان، پێشتر لەلایەن دادگای تاوانەکانی ١ی ڕێژیم لە ورمێ بەتۆمەتی بەشداریکردن لە “کوشتن” سزای ١٥ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و دواتر ئەو سزایەیان پێ ڕاگەیاند و لە کۆتاییدا لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ڕێژیمەوە هەمان سزای بێ کەمکردنەوە بە تەواوی پشتڕاست کرایەوە.

ناوبراو بێجگە لەم پەروەندەیە پەروەندەیەکی دیکەشی هەیە کە لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە ورمێ بەتۆمەتی “بەغی” لێکۆڵینەوەی لێ دەکرێت و هەروەها ئەو بەندکراوە سیاسییە لە مانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، لە پێوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکاندا لە بۆکان لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.