هاووڵاتییەکی خەڵكی مەهاباد بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانە کرا

خۆڕاگری: سرووش یوسفزادە، هاووڵاتیی خەڵكی مەهاباد بە مەمەستی جێبەجێکردنی سزای شەش مانگ بەندکردن دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ئەو شارە کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاوی، سرووش یوسفزادە، هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەهاباد دوای ئەوە لەلایەن لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای ئیقلابی ڕێژیم بانگ کرا، هەرلەوێ بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای شەش مانگ بەندکردن دەسبەسەر کراوە و گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری مەهاباد.

ناوبراو پێشتر لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێرانەوە بەتۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی نیزامی کۆماری ئیسلامی، سزای شەش مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو و هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٩ی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە ماڵی خۆیاندا دەسبەسەر کرا و ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕی هەمانساڵ بەدانانی بارمتەی یەک ملیاردتمەنی و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.