بەندکراوی سیاسی کورد “محێدین مەلا ئیبراهیمی” لە بەندیخانەی ناوەندی شاری ورمێ ئێعدام کرا

اخۆڕاگری: بە پێی هەوالی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییە کانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ٢٦ی ڕەشەممەی ١٤٠١ی هەتاوی بەندکراوی سیاسی کوردی خەڵکی ئاڵکاوێ سەر بە شاری شنۆ بە ناوی “محێدین مەلائیبراهیمی”لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ (دەریا) سزای سێدارەکەی جێبەجێ کرا. “محێدین مەلائیبڕاهیمی” تەمەن ٤٤ ساڵ، خێزاندار و خەڵکی گوندی ئاڵکاوێی سەر بە شاری شنۆ یەک لە زیندانییانی سیاسیی کوردە کە لەئێستادا لە زیندانی ناوەندی شاری ورمێ بەند کراوە

محێدین ڕۆژی ١٣ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی لەگەڵ پۆلێک لە کۆڵبەرانی دیکەی هاوڕێی لە ناوچە سنوورییەکانی شاری شنۆ کەوتە بەر دەستڕێژی هێزێکی سپای پاسداران و سێ فیشەک بەر لاقی کەوت. محێدین بە برینداری دەستبەسەر و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ورمێدا ڕاگیرا و دواتر بەڕێی گرتنگەی حیفازەت ئیتلاعاتی ئەو شارە کرا و بە مەبەستی داننان بە تۆمەتی “هاوکاری‌کردنی حیزبێکی کوردی”ـی دژبەری کۆماری ئیسلامی خرایە ژێر ئەشکەنجەوە.

محێدین ڕۆژی ٢٩ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی لە لقی دووی دادگای شۆڕشی ورمێ بە سەرۆکایەتیی قازی شێخ‌لو بەبێ هەبوونی پارێزەر بە تۆمەتی “بەغی لە ڕێگای هاوکاری‌کردن لەگەڵ حیزبێکی کوردی” و “شێواندی تەناهیی نەتەوەیی” دادگایی کرا و سزای ئێعدامی بەسەردا سەپا. ئەم حوکمە دواتر لە لقی ١٩ ی دیوانی بەرزی وڵاتدا وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە. ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕۆژی ١٤ ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٩ لە بەیاننامەیەکدا داوای لە دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد کە پێداچوونەوەیەکی دادپەروەرانە بە حوکمی “محێدین مەلا ئیبڕاهیمی”دا بکا.

محێدین ئیبراهیمی لە دوو ساڵی ڕابردوودا چەند جار بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی و هەروەها پێشێل‌کرانی مافەکانی لە زینداندا مانی لە خواردن گرتوە. شایانی باسە محێدین پێشتریش لە ساڵی ١٣٨٩ هەتاویدا دەستبەسەر و بە تۆمەتی لایەنگری “حیزبی دێموکرات” ماوەی ساڵێک و دوو مانگ زیندانیی کێشابوو. هەروەها لە ساڵی ١٣٩٦دا برایەکی محێدین بەناوی “نورەدین” کە ئەویش  هەر کۆڵبەر بوو، بەهۆی دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراوە. کە بەداخەوە ئەمڕۆ ٢٦ی ڕەشەممە لە لایەن  کۆماری سێدارە گیانی لێ ئەستێندرا