چەکدارەکانی ڕێژیم لە بانە، سێ ئەندامی بنەماڵەیەکیان دەسبەسەر کرد

خۆڕاگری: جەماڵ حوسێن‌پوور، لەگەڵ دوو کوڕی بەناوەکانی ئەحمەد و مێهدی حوسێن‌پوور، خەڵکی شاری بانە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەرکران.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی هەینی، ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی، هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی “ساوان”ـی سەربە شاری بانە، باوکێک و دوو کوڕیان بەناوەکانی جەماڵ حوسێن‌پوور، ئەحمەد حوسێن‌پوور و مێهدی حوسێن‌پوور، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەنامەیەکی یاسایی و قەزایی بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەیان، تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسی ئەو سێ ئەندامی بنەماڵەیە لە بەردەستدا نییە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانیش لەو بارەیەوە هیچ وڵامێکیان بە بنەماڵەکانیان نەداوە.