خۆڕاگری: کاوە عەبدی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی دیواندەرە پاش ٢٠ڕۆژ ڕاگیران بە دانانی بارمتەی ٥ملیاردتمەنی ئازاد کراوە.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ١٠ی سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاوی (١ی ١٢ی ٢٠٢٥ی زایینی) کاوە عەبدی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی گوندی “کەلکان”ـی ناوچەی کەرەفتوو سەربە شاری دیواندەرە پاش ٢٠ڕۆژ دەسبەسەربوونی بەدانانی بارمتەی قورس بە بڕی پێنج ملیاردتمەن و بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا.
ناوبراو ڕۆژی سێشەممە، ٢٠ی خەزەڵوەری ئەمساڵ (١١ی ١١ی ٢٠٢٥ی زایینی) لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ لێکۆڵینەوە گوازراوەتەوە بۆ یەکێک لە گرتنگەکانی ڕێژیم لە سنە و تائێستاش کە بەشێوەی کاتی ئازاد کراوە، چارەنووسی نادیارە دوای دادگاییکردنەکەی سزاکەی چۆن دەبێ.
