دەسبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی خەڵکی قوروە لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: نێرگز سولەیمانی و فریشتە فەدایی‌فەر، دوو ژنی خەڵکی قوروە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ماوەی چەند ڕۆژێکە، نێرگز سولەیمانی و فریشتە فەدایی فەر، دوو هاووڵاتیی ژنی خەڵکی شاری قوروە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامییەوە، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراون کە ئەمڕۆ ناوەکانیان ئاشکرا بووە و هەروەها نێرگز سولەیمانی یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی.

هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی، لە یەکێک لە سەقامەکانی قوروە بە شێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەر فریشتە فەدایی‌فەر و دەسبەسەریان کردووە و هەروەها نێرگز سولەیمانی، کە ساڵی ڕابردوو لە درێژەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، لەگەڵ کچەکەی بۆ ماوەیەک لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوون و بۆ ماوەیەکیش لە ژووری تاکەکەسیی گرتنگەی سپای تێرۆریستی پاسداران لە قوروە و سنە مابوونەوە و ئەو ماوەیەش جارێکی دیکە دەسبەسەر کراوەتەوە.

شایانی باسە کە، هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان بۆ بارودۆخی ئەو دوو هاووڵاتییە، هیچ ئاکامێکی نەبووە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیش لەو بارەیەوە هیچ وڵامێکیان نەداونەتەوە و هیچ زانیارییەکیش لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.