دەسبەسەرکردنی تازەلاوێکی خەڵکی دێولان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە

خۆڕاگری: محەممەد زەندکەریمی، تازەلاوی خەڵکی دێولان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هێزە داگیرکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی کۆماری ئیسلامی، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەی “محەممەد زەندکەریمی”، تازەلاوی تەمەن ١٨ ساڵانی خەڵکی شارۆچکەی “بڵواناوا”ـی سەر بە شاری دێولان و بێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی، بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە.

هەر لەو بارەیەوە، ڕاگەیاندنەکانی سەربە سپای تێرۆریستی پاسداران، بەشێوەیەکی چەواشەکارانە بڵاویان کردۆتەو کە “لە ئۆپراسیۆنێکی ئیتلاعاتیدا دژبەرێکی ڕێژیمیان دەسبەسەر کردووە” و پاش دەسبەسەرکردنی ئەو لاوە، گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و هەروەها تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.