بەردەوامیی شەپۆلی دەسبەسەرکردنەکان؛ ٦ هاووڵاتیی دیکە لە شارە جیاجیاکانی کوردستان دەسبەسەر کران

خۆڕاگری: لە درێژەی گوشار و ڕەشبگیریی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران دژی هاووڵاتییانی کورد، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لانیکەم شەش هاووڵاتیی دیکە لە شارەکانی سونقوڕ، ئیلام، مەریوان، دەڕەشار، هەرسین و کرماشان دەسبەسەر کراون.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژانی ١٤، ١٥ و ١٦ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی “٤، ٥، و ٦ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” شەپۆلی دەسبەسەرکردنەکانی ڕێژیم بۆ سەر بەردەوامە و لە ڕێکەوتی ١٤ی بەفرانباردا، دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی نیما ناسری، خەڵکی شاری دەڕەشار و ئێحسان وینە، خەڵکی شاری کرماشان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.

هەروەها لە ڕۆژی ١٥ی بەفرانباردا، سێ هاووڵاتیی دیکە بەناوەکانی دینا سالاری، خەڵکی سونقوڕ، عەلی حەمیدی، خەڵکی ناوچەی کارەزانی سەر بە پارێزگای ئیلام و محەممەدڕەزا دەوڵەتیاری، خەڵکی شاری هەرسین و لەلایەکی دیکەشەوە و لە درێژەی ئەم دەسبەسەرکردنانەدا، ڕۆژی ١٦ی بەفرانبار، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵان بە ناوی فواد نیکپەی، خەڵکی گوندی “نێ”ـی سەر بە شاری مەریوان، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە.

شایانی باسە کە تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی وەپاڵ ئەم شەش هاووڵاتییە دراون لە بەردەستدا نییە و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیشیان نادیارە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکانیشیان بێئاکام ماوەتەوە.