خۆڕاگری: لە شارە جیاجیاکانی کوردستان و ئێران ژمارەیەکی دیکەی هاووڵاتیی کورد لەلایەن دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە.
ڕۆژی هەینی، ١ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ی هەتاوی “٢٠ی فێوریەی ٢٠٢٦ی زایینی”، ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی، سرووش کەرەمی لە کاتی بەڕێوەچوونی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە گەڕەکی “مەسکن”ـی کرماشان، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە و چارەنووسی نادیارە.
لە لایەکی دیکەوە، بە تێپەڕبوونی ٣١ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی هەڕەمەکی و بێسەروشوێنبوونی “ئەمیرحوسێن نەزەرزادە”، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی “فەرتان”ـی سەر بە ئەسفراین، دوای تەواوبوونی لێپرسینەوەکان هێشتا بە شێوەیەکی ناڕوون لە زیندانی ئەسفراین ڕاگیراوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکای دەسبەسەرکردن و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە.
هەروەها بە تێپەڕبوونی ٤٤ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی هەڕەمەکیی “ڕەزا خۆشبونیاد”، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شارستانی “دەرگەز”ـی سەر بە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە.
لە درێژەی ئەم شەپۆلەدا، لانیکەم ٥ هاووڵاتیی کورد کە چواریان منداڵن بە ناوەکانی، میلاد تەبەرایی، عەلی زینیوەند، پژمان ئەسڵمەرد، مەجید پەررەنگ و محەمەدرەزا ئەسەدی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە شارەکانی مەلەکشای، دێلوڕان، دەڕەشار و سەراوڵەی سەر بە پارێزگای ئیلام دەسبەسەر کراون.
هەر لەم پێوەندییەدا، لانیکەم چوار هاووڵاتیی دیکەی کورد بە ناوەکانی بێهزاد ڕەحمانی، محەمەد سەنگینئابادی، کاوە ئەفشاری و محەمەد کەلمیشی، لە کاتی شەپۆلی دەسبەسەرکردنەکان و ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی سەرپێڵزەهاو، تاران، مەهاباد و سەبزەوار دەسبەسەر کراون و تا ئێستا لە دۆخێکی نادیاردان.

Be the first to comment