مامۆستایەکی ئایینیی خەڵکی مەریوان، لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا

خۆڕاگری: مامۆستا عەلی بەهرامی، پێشنوێژی گوندی “نێ”ـی سەربە شاری مەریوان، لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٤ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی، مامۆستا عەلی بەهرامی، پێشنوێژی گوندی “نێ” لە سنووری باشماخی شاری مەریوان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ ماوەی ٧کاتژمێر لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە و دەستیان بە سەر مۆبایلەکەشیدا گرتووە.

ناوبراو ماوەیەکی بە مەبەسەتی گەشتکردن سەردانی هەرێمی کوردستانی کردبوو و لەکاتی گەڕانەوەی بۆ مەریوان لە سنووری باشماخ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کرا پاش ٧کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کرا، بەڵام تائێستا مۆبایلەکەیان پێ نەداوەتەوە و لە ژێر چاوەدێریی ئەو ناوەندە سەرکوتکەرەی ڕێژیمدایە.

جێی ئاماژەیە کە جارێکی دیکەش مامۆستا عەلی، ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، پاش ئەوەیکە لەلایەن ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە لە مەریوان بانگ کرابوو هەرلەوێ دەسبەسەر کرابوو و هەروەها تائێستا چەند جارێک لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە بیانووی جۆراوجۆر بانگ کراوە و لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە.